کۆرۆنا حکومەتی دوبەی ناچار بە قەرزکردن دەکات

بەهۆی کاریگەری کۆرۆنا لەسەر ئابووری ئیمارات و دوبەی بەتایبەتی، بەرپرسانی دوبەی بۆ وەرگرتنی ملیۆنان دۆلار وەک قەرز، لەگەڵ بانکەکان دەستیان بەگفتوگۆ کردووە و بەنیازن لەبەرامبەر وەرگرتنی پارەی کاش، قەواڵە داراییەکانیان بفرۆشن.بەپێی راپۆرتێکی بلومبێرگ، ڤایرۆسی کۆرۆنا بازاڕەکانی دوبەی داخستوون و زیانێکی گەورەی لە ئابووری ئەو شارە داوە کە بەناوەندی بازرگانی لە ناوچەکە دادەندرێت، ئەمەش بەرپرسانی شارەکەی ناچارکردووە بۆ وەرگرتنی قەرز و قەرەبووکردنەوە زیانە داراییەکانیان پەناببەنە بەر بانکەکان و هاوکات بیر لە فرۆشتنی قەواڵە دارییەکانیان بکەنەوە. ئێستا بەرپرسانی دوبەی پەنایان بردووەتە بەر بانکەکانی ئەوروپا، دەیانەوێت قەواڵە داراییەکانیان لە بازاڕەکانی ئەوروپا بفرۆشن و لەبەرامبەردا بە کاش یۆرۆیان دەستبکەوێت، کە ئەمەش بۆیەکجار دەبێت ئیمارات لە دوای ساڵی 2016 بیر لەبەکارهێنانی ئەم بژارەیە بکاتەوە. گفتوگۆکان بۆ وەرگرتنی قەرز لە بانکە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن بەرپرسانی دوبەی هێشتا لە قۆناخی سەرەتایین و نەگەیشتوون بەهیچ ئەنجامێک، بەڵام هەوڵەکانیان دەستپێکردوون و قەواڵەکانیان بۆ فرۆشتن ئامادەکردوون. ئەگەر ئیمارات ئەم قەرزانە وەربگرێت دەچێتە پاڵ ئەو وڵاتانەی کە لە ناوچەکە دەستیانکردووە بە فرۆشتنی قەواڵە داراییەکانیان بۆ بەدەستهێنانی پارەی کاش، ئەمەش لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا و لاوازکردنی بازاڕەکانی جیهان.  پێش دوبەی، قەتەر دەستی بەم پرۆسەیە کردووە و رێککەوتنێکی 10 بۆ 30 ساڵی ئەنجامداوە ئەمەش لە رۆژی سێشەممە، هاوکات لە هەفتەی رابردووش ئیسرائیل وەک یەکەمین وڵات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی بەم هەنگاوەکردووە و 5 ملیار دۆلاری بە قەرز لە بانکەکان وەرگرتووە. دوبەی بە پێچەوانەی شارەکانی دیکە کە بە ناوەندی بازرگانی لە ناوچەکە دادەدنرێت، بازاڕەکانی بەتەواوەتی داخراون و هیچ جوڵەیەکی بازرگانی لێ ئەنجامنادرێت، ئەمەش گەورەترین زیانی دارایی لەم شارە داوە و ئێستا بەرپرسەکانی بیر لە رێگەچارەیەک دەکەنەوە تاوەکو پارێزگاری لە سەرمایی شارەکەیان بکەن و رووبەڕووبووی قەیرانی گەورەتر نەبنەوە. حکومەتی ئیمارات، کە دوبەی بەشێکە لە ئیمارات لە مانگی رابردوو بۆ پشتیوانیکردن لە بانکەکانی بە بڕی 50 ملیار دەرهەم واتە 13.6 ملیار دۆلار هاوکاری دارایی بۆ بانکەکانی راگەیاند. لە ئیمارات تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 176 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 167 کەسی تووشبووش چاکبوونەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *