پزیشکێکی دەروونی: ئەگەر پلانت نەبێت لە ماڵەوە تووشی خەمۆکی دەبیت

پزیشکێکی دەروونناس ئامۆژگاری هاونیشتمانیان دەکات کە لەماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا دەبێت پلانیان بۆ کاری رۆژانەیان هەبێت، ئەگەرنا تووشی خەمۆکی دەبن. پسپۆرێکی دەرمانسازیش لەبارەی خواردنی میوە هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەگەر میوە بەشێوەیەکی نادروست و لەکاتی نەگونجاودا بخورێت لێکەوتەی خراپی دەبێت. د.سامان شەریف، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (ستۆدیۆ 19)ی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی زۆر مانەوە لە ماڵەوە لە کاتی قەدەخەی هاتووچۆدا دەڵێت: “بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا مانەوە لە ماڵەوە بووە بە ئەمری واقیع و دەبێت هاونیشتمانیان قبوڵی بکەن، مانەوەی زۆر لە ماڵەوە مرۆڤ تووشی تێکچوونی رۆتینیاتی ژیان دەکات، بێزاری دەکات، کەسێک بەبێ پلان لە ماڵەوە بمێنێتەوە تووشی گرفتی دەروونی و خەمۆکی دەبێت، بۆیە دەبێت پلانمان بۆی هەبێت”. بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٤ی ئادارەوە قەدەخەی هاتوچۆی راگەیاندووە، دوایینجار قەدەخەی هاتوچۆی بۆ ١١ی ئەم مانگە درێژکردەوە. دکتۆر سامان شەریف دەڵێت : “بۆ ئەوانەی کە پێشتر فەرمانبەر یان کاسبکار بوون و لە دەرەوە بوون، گرنگترین پلان ئەوەیە پارێزگاری لە رۆتینیاتی پلانی رۆژانەیان بکەن، پێش قەدەخەکە چۆن بوون هەروا بمێننەوە، کاتی خەو و خواردن و پشوویان وەکو خۆی بهێڵنەوە و گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت، کۆمەڵیک شت هەیە دەتوانێت سوودی لێوەربگرن و کاتی فێربوونە، باشترین دەرفەتە بۆ خوێندنەوەی کتێب و بەخشینی کاتەکانیان بە منداڵەکانیان، بۆ خانمانیش کاتێکی باشە بۆ زیاتر رێکخستنەوەی ماڵ و خواردن دروستکردن،  زۆر گوێ لە هەواڵی ناخۆش مەگرن، بەتایبەت شەوان، چونکە دەبێتە هۆی خەوزڕان”. چ کاتێک میوە بخۆین؟هەر لە بەرنامەکە پزیشکێکی دەرمانساز لێکەوتە خراپەکانی خواردنی میوە بەهەڵە و لەکاتی نەگونجاو رووندەکاتەوە. دکتۆر کەنار فازڵ، پسپۆڕی دەرمانسازی دەڵێت: “مرۆڤ پێویستە رۆژانە 3 بۆ 5 میوەی جیاواز بخوات و میوەی دووبارەش نەخوات، ناشبێت میوە بۆ ماوەی 20 بۆ 30 خولەک بە لەتکراوی بمێنێتەوە، هەروەها دەبێت لەکاتی گونجاودا بخورێت، باشترین کات بۆ خواردنی میوە بەیانیانە، دوای خواردنەوەی ئاوی شلەتێن، بەهیچ شێوەیەک نابێت میوە دوای نانخواردن بخورێت، چونکە کێشە بۆ کۆئەندامی هەرس دروستدەکات، بۆیە باشترە خواردنی میوە لانیکەم نیو کاژێر پێش نانخواردن بێت”. ئەو پزیشکە زانیاری زیاتر لەبارەی خواردنی میوە زانیاری دەدات و دەڵێت “هەر میوەیەک باشترە لە وەرزی خۆیدا بخورێت چونکە تەواو پێگەیشتووە و ڤیتامینەکانی تێدایە، ئەگەر میوە بکرێت بە شەربەت سوودێکی زۆر کەمی دەمێنێت، چونکە ڤیتامینەکانی زۆر کەم دەبنەوە و ریشاڵەکانیشی نامێنێت، کە بۆ هەرسکردن پێویستن، ناشبێت هیچ میوەیەک بە شیرەوە بخورێت، چونکە شیر پڕۆتینێکی ئاژەڵی تێدایە و شێوەی هەرسکردنیان جیاوازە، بەمەش کێشە بۆ کۆئەندامی هەرس دروست دەکات”. لەبارەی لێکەوتە خراپەکانی دیکەی میوە و خواردنی میوە لە شەو و پێش خەوتندا، پسپۆڕەکەی دەرمانسازیی دەڵێ: “ئەگەر میوە بە هەڵە و لە کاتی نەگونجاودا بخورێت، دەبێتە هۆی سپیبوونی قژ و هەڵوەرینی، هەروەها پێستی رووخساریش تێکدەدات. ناشبێت بەهیچ شێوەیەک میوە لە شەودا بخورێت بەتایبەتی پێش خەوتن، چونکە کێشە بۆ خەوەکەت دروستدەکات، ئەوانەی شەکرەیان هەیە کێشەیان بۆ دروست دەبێت و ترشیی گەدەش تێکدەدات”. بەرنامەی (ستۆدیۆ 19) بەرنامەیەکی رۆژانەی تۆڕی میدیایی رووداوە. رۆژانە لە کاژێرەکانی 11:00 و 23:00 لەلایەن دکتۆر ئاراس برادۆستییەوە پێشکەشدەکرێت. 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *