وەزیری تەندروستی بۆ رووداو: 11 گەڕەكی هەولێر كەرەنتین كران

بەبڕیاری وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان 11 گەڕەکی شاری هەولێر کە تووشبووی کۆرۆنایان تێدا تۆمارکراوە، کەرەنتین کران. د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “دوای ئەوەی بەهۆی دوو پرسەکەی گەڕەکی کارێزانی شاری هەولێر 76 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر هاتبوون و بەشداری پرسەکەیان کردبووە، لەوانەش گەڕەکەکانی کانی گەنی، ئاڵتون سیتی، شێخ ئەحمەد، کارێزان، زانکۆ، چنار، مامۆستایان، 124ی گوڵان، ژیان، زیلان سیتی، 94ی باداوە، بۆیە بڕیارماندا بە کەرەنتینکردنی هەموو دانیشتووانی ئەو گەڕەکانەی شاری هەولێر”. وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات “هەر ئەمڕۆ پێنج کەیسی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر تۆمارکران کە ئەوانیش ئافرەتێك لە گوندی کانی گەنی و دوو ئافرەت و پیاوێك و منداڵێك لە گەڕەکی 94ی باداوە، ھەموویان بەرکەوتەی تووشبووەکانی ھەردوو پرسەی گەڕەکی کارێزانی شاری ھەولێر بوون”. ئێستا لە هەرێمی کوردستان ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا گەیشتووەتە 288 کەس، لەو ژمارەیەش 105 کەس چاکبوونەتەوە و 3 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *