ئەوقافی سلێمانی: ئەو مامۆستا ئایینییەی ترسی بڵاوکردەوە دووردەخرێتەوە

بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی رایگەیاند، ئەو مامۆستا ئایینییەی سلێمانی کە ترسی لەنێو خەڵکدا بڵاوکردەوە، سزا دەدرێت و ئێستاش داواکاری گشتیی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە. فەرەیدوون غەریب، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی، داواکاری گشتی سکاڵای یاسایی لەسەر مەلا نادر تۆمارکردووە، دوای گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەکان، وەزارەتی ئەوقافیش لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکات و لە گوتاردان دووری دەخاتەوە. مەلا نادر، مامۆستای ئایینی و گوتاربێژە لە مزگەوتێکی سلێمانی، هەفتەی رابردوو ڤیدیۆیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و گوتی “لە 48 کاژێرەکەی قەدەخەی هاتووچۆدا غازێکی ژەهراوی بڵاودەکرێتەوە”. دواتر لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و هەواڵی ناڕاست داواکاری گشتی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکرد و دەستگیرکرا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *