پزیشکێک: فاس باشترین بژارەیە بۆ پاککردنەوەی کەلوپەل لە کۆرۆنا

لە بەرنامەی (ستۆدیۆ 19)ی تۆڕی میدیایی رووداو پسپۆڕێکی نەخۆشی دەروونی باس لە کاریگەریی دەروونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ دەکات. پسپۆڕێکی دەرماسازیش باسی باشترین بژارە بۆ پاککردنەوەی دەست و خواردن و کەلوپەل دەکات. دکتۆر سامان شەریف، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، لەبارەی ترسەوە دەڵێت: “ترس جۆری هەیە، ترسی ئاسایی ئەوەیە کە لە هەموو کەسێک و لە هەموو تەمەنێکدا هەیە، ئەم ترسەش غەریزەیە و پێویستە بۆ بەردەوامی لە ژیان، ئەم ترسە سەرچاوەیەکی هەیە و بە نەمانی سەرچاوەکە ترسەکەش نامێنێت. ترسیش هەیە نەخۆشییە و مرۆڤ دەتۆقێنێت، ئەم ترسەش هەر سەرچاوەیەکی هەیە، بەڵام بە نەمانی سەرچاوەکەش ترسەکە لەسەر مرۆڤ هەر دەمێنێت و کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ مرۆڤ دروست دەکات”. ئەو پزیشکە لەبارەی قۆناغەکانی ترس و کاریگەری لەسەر مرۆڤیش گوتی: “قۆناغی یەکەم لە ترس ئەوەیە کە دەبێت شتێک هەبێت کەسەکە لێی بترسێت. لە قۆناغی دووەمیش هەڵسەنگاندنی کەسەکەیە بۆ سەرچاوەی ترسەکە، ئەگەر بە ئاسایی وەریبگرێت زۆر کێشە نابێت، بەڵام ئەگەر بە قورسی وەریبگرێت بە دوو شێوە کار لە کەسەکە دەکات، لەڕێگەی کۆئەندامی دەماری خۆنەویست، کار لەسەر هەموو جەستە دەکات، هەروەها لەڕێگەی هۆڕمۆنەکانەوە، ئەمانەش گوشاری خوێن زیاد دەکەن و لێدانی دڵ خێرا دەکەن، ئەگەر ترسەکە هەر بەردەوام بێت مرۆڤ تووشی نەخۆشیی دڵ، نەزۆکی لە ئافرەتان و  چەند نەخۆشییەکی دیکە دەکات”. دکتۆر سامان لەبارەی ترس لە کۆرۆناش دەڵێت: “جیاوازی کۆرۆنا لەگەڵ نەخۆشییەکانی دیکە ئەوەیە کە زۆر زوو بە جیهاندا بڵاوبووەوە و خەڵكیش بەو ڤایرۆسە دەمرن، ئەمەش ترسێکی زۆری دروستکردووە، ئەو ترسە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە نەگەیشتووەتە حاڵەتی تۆقین و نەبووە بە نەخۆشی، بەڵکو ترسێکی سادەیە و پەنایان بۆ خۆپاراستن بردووە، ئەمەش دڵخۆشکەرە. بەڵام ئێمە کێشەی کۆرۆنامان لەگەڵ ئەو کەسانە هەیە کە بەرگریی جەستەیان کەمە و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، چونکە ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکە بەسەریدا زاڵ بێت، بۆیە باشترە بترسن بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن نەک ئەوەی ببێتە نەخۆشی بۆیان”. لەبارەی ئاشکراکردنی ناوی ئەو کەسانەش کە تووشبووی ڤایرۆسەکەن یان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، دکتۆر سامان گوتی: “تووشبوون بە کۆرۆنا عەیبە نییە، چونکە ئەوەش وەکو ڤایرۆسەکانی دیکە ڤایرۆسێکی گوازراوەیە، بۆیە هەندێکجار پێویست دەکات ناوی تووشبووان ئاشکرا بکرێ، بەڵام نەک لە میدیاکان و بۆ رای گشتی، بەڵکو بۆ ئەوانەی نزیکییان لەگەڵیدا هەیە تاوەکو ئاگاداری خۆیان بن و خۆیان بپارێزن”. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندرووستیی هەرێمی کوردستان تائێستا ٣ کەس لە پارێزگای سلێمانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.لە وەڵامی ئەو خەڵکانەش کە دەڵێن بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە لە ماڵەوە بێزار بووین. ئەو پسپۆڕە دەروونییە دەڵێت: “ئەوە بیرکردنەوەیەکی زۆر هەڵەیە کە خەڵک پێیوابێت چوونە دەرەوە و تووشبوون بە کۆرۆنا باشترە لە مانەوە لە ماڵەکانیان، دەبێت هەمووان بزانن کە کۆرۆنا دەبێتە یادگاری و ساڵانە بۆ یەکتری دەگێڕینەوە”. هەر لە بەرنامەکەدا دکتۆر کەنار فازڵ، پسپۆڕی دەرمانسازی باس لە لەنێوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاککردنەوەی خۆراک و کەلوپەلەکان دەکات و دەڵێت: “فاس باشترین بژارەیە بۆ لەنێوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر کەلوپەلەکانی دەروروبەرمان، ئەویش بە تێکەڵکردنی کەوچکێک فاس لەگەڵ پەرداخێک ئاو، دواتر لە هەر کەلوپەلێک بدرێت دەبێت 10 خولەک لەسەری بمێنێتەوە، باشترە هەموو ئەو شوێنانەی دەستی مرۆڤ بەری دەکەوێت بە فاس پاکبکرێتەوە، فاسیش نابێت بێجگە لە ئاو لەگەڵ هیچ ماددەیەکی دیکە تێکەڵ بکرێت”. ئەو پسپۆڕەی دەرمانسازی گوتیشی: “ئەو گیراوەی فاسە دەبێت لە چێشتخانە یان حەوشەی ماڵ دروست بکرێ، ئەو کەسەش کە گیراوەکە ئامادە دەکات دەبێت ماسک و دەستکێشی لەدەست بێت و ناشبێت بەهیچ شێوەیەک هەستیاری بە فاس هەبێت”. سەبارەت بە شووشتنەوەی خۆراک و سەوزە و میوەش بە فاس، دکتۆر کەنار دەڵێت: “ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە و بەهیچ شێوەیەک نابێت خۆراک و سەوزە و میوە بە فاس پاکبکرێتەوە، بەڵکو دەبێت ماوەی 20 چرکە ئاوی بەسەردا بڕوات پاک دەبێتەوە”. لەبارەی دەست و دەموچاو شۆردنیش، د.کەنار فازڵ گوتی: “سابوون بە هەردوو جۆری رەق و شلەوە باشترین پاککەرەوەیە بۆ لەنێوبردنی کۆرۆنا، بەڵام بەمەرجێک 20 چرکە بە دەستەوە بمێنێتەوە. دیتۆڵیش هێشتا لێکۆڵینەوەی تەواوی لەسەر نەکراوە کە کۆرۆنا لەنێو دەبات، کۆمپانیای دیتۆڵ خۆشی هێشتا نەیگوتووە کۆرۆنا لەنێودەبات”. بەکارهێنانی پلازمای خوێنی ئەو تووشبووانەی چاکبوونەتەوە، یەکێکە لە رێگاکانی چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا کە تائێستا لە چەند وڵاتێک و هەرێمی کوردستانیش بەکارهاتووە.  دکتۆر کەنار فازڵ لەو بارەیەوە دەڵێت: “5٪ی ئەوانەی کۆرۆنایان بە قورسی گرتووە و پێویستیان بە چاودێری چڕ هەیە، دەتوانین پلازمای ئەو کەسانە وەربگرن کە چاکبوونەوە و ئەنجامی دوو پشکنینیان نێگەتیڤ بووە، دەشبێت لەژێر چاودێری پزیشکدا بێت، پلازمای هەر یەکێک لەوانەش  دەتواندرێت بۆ 2 تا 3 تووشبووی دیکە بەکاربێت، بێجگە لەوە ناتواندرێت پلازمای کەسی دیکە بەکاربێت. چین هەر زوو پلازمای کەسانی چاکبووەوەی بۆ ئەو کەسانە بەکارهێنا و رێژەی مردن بە کۆرۆنا زۆر کەمبووەوە، ئێستا ئیتاڵیا و چەند وڵاتێکی دیکەش پەنایان بۆ ئەو چارەسەرە بردووە”. لەبارەی ئەو بۆچوونەش کە دەگوترێت زۆربەی ئەوانەی بە کۆرۆنا دەمرن کەسانی بەتەمەنن و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە. د.کەنار گوتی: “ئەوانەی لە تەمەنی 80 ساڵی بەسەرەوەن کەمتر لە 15%یان دەمرن و ئەوانی دیکە چاک دەبنەوە، خەڵک هەیە تەمەنی لەسەرووی 90 تا 100 ساڵیشە و چاکیش بووەتەوە، زۆرترین کەسە بەتەمەنەکانیش کە مردبن لە ئیتاڵیا بووە، بەڵام نەگەیشتووەتە 25%ی مردووان”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *