وەزیری تەندروستی: 71 کەس بەهۆی بەشداریکردن لە پرسە تووشی کۆرۆنا بوون

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئێستا لە قۆناخی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنان و تاوەکو ئێستا ژمارەکان بەشێوەیەکی ئاسۆیی بەرزدەبنەوە. دەشڵێت، 71 تووشبووی هەولێر بەهۆی پرسەیەکەوە بووە.  د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بەشداریکرد و رایدەگەیێنێت، “کوردستان لەبەردەم مەترسیی گەورەدایە” بۆ ئەوەش دەڵێت، لەبەر ئەوەی دۆزینەوەی تووشبووان قورستر بووە و “تووشبوو تۆماردەکرێن کە سەرچاوەکەی دیارنییە و تووشبوو هەیە بەرکەوتەی کەسی دووەمە”.  د. سامان بەرزنجی دەڵێت، ژمارەی تووشبووەکان بەشێوەیەکی بەربڵاوە “ئەمڕۆ لە شارۆچکەیەک تووشبوو هەبووە، لە دوو گوند و قەزای سۆرانیش هەبوونە کە ئەوە نیشانەیەکی ترسناکە”. هەرچەندە بەشێکی زۆری هاونیشتمانییان پابەندی رێنماییەکانی قەدەخە کردنی هاتووچۆ و رێنماییە تەندروستییەکانن وەکو وەزیری تەندروستی ئاماژەی پێکرد، بەڵام دەشڵێت، “زۆربوونی ژمارەی تووشبووان بەشێکی پەیوەندی بە پابەند نەبوونی هاونیشتمانییانە بە رێنماییەکان. چونکە یەک کەس دەبێت هۆی تووشبوونی چەندین کەسی دیکە”.  یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی وایکردووە کە وەزیری تەندروستی بڵێت کوردستان لەبەردەم مەترسیدایە ئەوەیە “هەموو تواناکان سنووردارن لە بواری ژمارەی قەرەوێڵە و پزیشک و پێداویستییە پزیشکییەکان کە بەرگەی ژمارەیەکی زۆری تووشبووان ناگرێت”.  د. سامان بەرزنجی دەڵێت، ئێستا دەتوانین بە ئاسانی بەمشێوەیە بمێنینەوە. بەڵام  پابەند نەبوونی هاونیشتمانییان بە قەدەخەی هاتووچۆ و رێنماییە تەندروستییەکان کارەکە قورستر دەکات.  شاهۆ ئەمین لە وەزیری تەندروستی دەپرسێت، کەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە ئەندازەیەکی باش کۆنترۆڵدەکرێت؟ وەزیری تەندروستی دەڵێت، بە لایەنی کەم ئەگەر لەسەر ئاستی تاکەکەس حیسابی بکەین، 28 رۆژی دوور لە تووشبووی نوێی دەوێت. لەسەر ئاستی کۆمەڵگەش دەبێت بەردەوام ئەو رێکارانە جێبەجێ بکرێن. “تاوەکو ئێستا لە هیچ وڵاتێک رێکەوتێک یان ژمارەیەک دانەنراوە بڵێن هێندە هەفتەی دیکە ڤایرۆسەکە کۆتاییدێت، ئەو ڤایرۆسە ماوەیەکی پێویستە بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی تووشبوون لە کەسەکان، ئەویش لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ماوەیەکی بۆ دانراوە لانی کەم 14 رۆژ دانراوە، کە ئێمە پێی دەڵێین سوڕێکی ژیانی ڤایرۆسەکە”.
 د. سامان بەرزنجی ئەوەشی گوت “کۆرۆنا ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە قۆناخی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپارێزی و چارەسەرکردندایە، بەڵام بەلای ئێمەوە قۆناخی کۆنتڕۆڵکردن لە هەمووی گرنگترە. تاوەکو ئیستا لە گەمارۆدایە و رۆژانە ژمارەیەک هاووڵاتی تووش دەبن و کێرڤەکە بەشێوەی ئاسۆیی بەرز دەبێتەوە، کە ئەوە ئامانجی هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکانە بڵاوبوونەوەکە هێواش بێت، نەک بە تەشەنەکردن و خێرایی بێت”.

وەزیری تەندروستی پێیوایە، “باسکردن لە کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا بە رانەگەیاندنی حاڵەتەکانی تووشبوون لە چەند رۆژێکدا واتایەکی زانستی نییە. بەپێچەوانەوە، حاڵەتیش نەبێت ترسناکی هەیە، چونکە هەموو ئەوانەی تووشبوون ماوەیەک بەرلەئێستا ئەو ڤایرۆسەیان وەرگرتووە، بەڵام ئێستا بە رووپێوکردن دۆزراونەتەوە.  سەرەڕای ئەوەی 277 حاڵەتی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا دۆزینەوەی حاڵەتی نوێش گرنگی خۆی هەیە. چونکە تاوەکو دۆزینەوەی حاڵەت بدۆزرێتەوە کۆنتڕۆڵکردنەکە ئاسانتر دەبێت و هاووڵاتی بە ئاسانی دەتوانێت خۆی بپارێزێت”.

هەروەها بەرزنجی ئەوەشی دووپاتکردەوە، “لە 15ی شوباتەوە بانگەوازمان کردووە ئەوانەی گەڕاونەتەوە پشکنین بکەن و سەردانی ناوەندی تەندروستی بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی تووشی کۆۆرنا بوون یان نا”.

بە گوتەی وەزیری تەندروستی، “رووپێوی هەڕەمەکی لەنێو سەمونخانەکان و تەندروستی و مەرزەکان و شوێنەکان ئەو شوێنانەی کەرەنتین دەکرێن ئەنجام دەدرێت، وەکو خەلیفان، گوندی گاینج و شورۆچکی سێبیران، گەڕانێکی باشکراوە و توانراوە چەند حاڵەتی نوێ بدۆزێتەوە”.

دەربارەی ئەوانەی لە نەخۆشخانەکانن، د. سامان بەرزنجی رایگەیاند، “هەمان ئەو دەرمانانەی لە جیهان بەکاردێت و رێکخراوی تەندوستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عێراق پەسەندی کردوون، هەمان دەرمان بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت. بەڵام شێوازی دابەشکردنی دەرمانەکان لەنێوان کەسێک بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، وەک ئەوەی هیچ نیشانەیەکی نییە یان بەسوکی هەیەتی یان زۆر توندە هەمووی وەکو یەک دەرمانیان پێنادرێت. پزیشکی چارەسەر دەزانێت دەرمان دەدات بە کێ و دەمانی پاڵپشتیش هەیە بەگوێرەی نیشانەکان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “زۆربەی نەخۆشەکان نیشانەکانی تووشبوون بە کۆرۆنایان نییە یان لەباری زۆر سووک دایە. بەداخەوە هاووڵاتیەک دیارە ئاژاوەی ناوەتەوە و هەوڵی شکانی دەرگا و دەرچوون لە نەخۆشخانەی رزگاری داوە. هەوڵی ناشیرینکردنی خزمەتگوزارییەکانی داوە لە رێگەی گرتەی ڤیدیۆییەوە و هاووڵاتیانش بۆ یەکتری دەنێرن. بەپێچەوانەوە دەبینن نەخۆشخانەکە پاکن و ماوەیەکی زۆریش نییە نۆژەنکراونەتەوە”.

دەربارەی هێرشکردنە سەر کارمەندێکی تەندوستی لە سلێمانی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان باس لەوەشدەکات “کارمەندانی تەندروستی سەربازی ونن و قبووڵناکرێت سوکایەتیان پێبکرێت و هێرشیان بکرێتە سەر”. 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *