لە هەولێر تووشبوویەکی کۆرۆنا بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت، تێکەڵاویی خەڵکی کردووە

کۆرۆنا گەیشتووەتە 10 گەڕەکی هەولێر و ئەمڕۆ 41 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکران کە لە هەردوو پرسەکەی گەڕەکی کارێزانی هەولێر تووشبوون. لە ماوەی 24 کاژێردا 59 تووشبووی نوێ لە هەولێر تۆمارکراون کە سەرچاوەی 57 تووشبوویان بۆ ئەو دوو پرسەیە دەگەڕێتەوە. تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆناش ئاماژە بەوە دەکات، بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت، تێکەڵاویی خەڵکی کردووە. موحسین کارمەندی تەندروستییە، ماڵی لە ماڵی یەکێک لە خاوەن پرسەکانی کارێزان نزیکە. لەوە نیگەرانە کە بەبێ ئەوەی زانیبێتی تووشبووە لەگەڵ هاوڕێ و منداڵەکانیدا تێکەڵ بووە. موحسین محەممەد ئەمین، تووشبووی کۆرۆنایە و دەڵێت، “ماڵم نزیکە لەوانەی پرسەکەیان هەبووە و نزیکەی 200 مەتر لێیانەوە دوورم. فرۆشگایەک لە کۆڵانەکەمان هەیە. ئەوانەی تووشبوون، چوونەتە ئەوێ و دەبێت خەڵکی دیکەیش لەوێوە تووشبووبن”.  ئەو تووشبووەی کۆرۆنا باسی لەوە کرد، “ئێمەیش چووینەتە ئەو فرۆشگایە و هەر بۆ ئەوێ رۆیشتووم و بۆ شوێنی دیکە نەچووم. ئەوێ دۆمینە و کۆنکەنی لێدەکرێت. من خۆم واتێدەگەم لەوێ تووشبووبم، چونکە لەکاتی یارییەکەدا نە دەمامک بەکاردەهێنرێت و نە دەستکێش”. بازنەی 41 تووشبووە نوێکەی هەولێر فراوانە. لە گوندێکی سیدەکانەوە تا 10 گەڕەک و گوندێکی هەولێری تێدان، بەڵام دوو پرسە پێکی بەستوونەتەوە و ئێستاش پێکەوە لە نەخۆشخانەی رزگاری خراونەتە ژێر چاودێرییەوە. د. بۆتان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “بەراستی تواناکانی حکومەت تاوەکو سنوورێکی تایبەتن، ئەگەر بەردەوام نەخۆشییەکە زیاد بکات و خەڵکەکە پابەند نەبن، ئەوا دوای ئەو سنوورە هەموومان تووشی کارەسات دەبین؛ خۆشەویستان و کەسوکارمان لەدەست دەدەین”. بەپێچەوانەی بڕیاری قەدەخەکردنی پرسە، دوو پرسەکەی کارێزان 71 تووشبوویان لێکەوتووەتەوە و هەولێریان کردە یەکەمی ریزبەندیی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کە تووشبووانی لە 62 کەسەوە بووە 133 کەس هەڵکشا. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “ئەوانەی لەو پرسەیە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، دوای ئەوەی چاکبوونەوە، پێویستە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، چونکە سەرپێچیی یاسایان کردووە. دەبێتە لەڕێگەی دادگاوە سزای یاسایی خۆیان وەربگرن”. دوو گوند و 10 گەڕەک لە سنووری دوو شارۆچکە و ناوەندی شاری هەولێر سنوورێکی بەربڵاوی پشکنینیان بۆ بەرپرسانی تەندروستی دروستکردووە. پشکنینەکان بەردەوامن و وەزارەتی تەندروستی پێشبینی دەکات چەندین ژمارەی نوێ بخرێنە سەر ژمارەی تووشبووانی دوو پرسەکە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *