قەدەخەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان 10 رۆژ درێژکرایەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەدەخەی هاتووچۆ تاوەکو 10-04-2020 درێژکرایەوە. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا درێژکردنەوەی قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، رێکاری قەدەخەی هاتووچۆ هۆکارێکی کاریگەر بووە لە کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناخۆشی و زەحمەتی هاونیشتمانییان بەتایبەتی ئەوانەی کەمدەرامەتن تێدەگەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئەو کەسانە دەکات کە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە بێکار بوون، بەڵام “ناچارین قەدەخەی هاتووچۆ درێژبکەینەوە… ئێمە دەزانین دەستکەوتی ماددی شتێکی زۆر گرنگە، بەڵام ئەوەی لەوە گرنگترە تەندروستیی تاکبەتاکی کوردستانە”. داوایشی لە هاونیشتمانییان کرد چۆن تاوەکو ئێستا پابەندی قەدەخەی هاتووچۆ بوون، زیاتر دانبەخۆیاندا بگرن. “ئەگەر قەدەخەی هاتووچۆ نەبووایە ژمارەی تووشبووان بە هەزاران دەبوو”.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ داهاتی ناوخۆ کەمیکردووە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی راگیراوە “حکومەتی هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی یەکەمە”. 

سەبارەت بەوانەی لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان هاتووچۆیان کردووە و لە شارەکانی خۆیان نەماون، دەتوانن لە 72 کاژێری داهاتوودا بگەڕێنەوە نێو ماڵەکانی خۆیان.

رێبەر ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، رێگە نادەین هیچ کەسێک لەژێر هەر ناوێک بێت ئەم دۆخە تێکبدات و رێکاری یاسایی لەبەرامبەر دەگرینە بەر. 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *